تشرینی یه‌که‌م 12, 2022 14:51 Asia/Tehran
  • جەختی سەیید حەسەن نەسروڵڵا لە سەر یەکگرتن و ھاوپشتیی موسڵمانان

ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان وتی: موسڵمانان دەبێ بە کردەوە پێکەوە هاودەنگ و یەکگرتوو بن.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «سەیید حەسەن نەسڕوڵڵا» شەوی سێشەممە لە سەر چوارشەممە لە میانی وتارێکدا بە بۆنەی حەوتەی وەحدەت و یەکگرتن ڕایگەیاند: ئیمام خومەینی (رە) خاڵێکی ناکۆکی لە بارەی ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر (ص)ی کردووەتە خاڵی یەکگرتن و ڕێککەوتن و پردێکی لە نێوان ڕۆژانی ١٢ ھەتا ١٧ ڕه‌بیعولئەووەڵ ھەڵبەستووە که‌ به‌ ناوی حەوته‌ی وەحدەت و یه‌کگرتنی ئیسلامی ناونراوە.

وتیشی: وا ھەڵدەگرێت کە موسڵمانان یەکڕیزی و هاودەنگیی کردەیییان هەبێت و جەخت لەسەر خاڵە هاوبەشەکان بکەنەوە، نەک جیاوازی و ئینجا ھەوڵی ئەوەش بدەن کە لە خاڵە جیاوازەکاندا لە یەکتر تێ بگەن.

نەسروڵڵا لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا هەروەها باسی لە پرسی سنووردارکردنی دەریایی نێوان لوبنان و فەلەستینی داگیرکراوی کرد و وتی: کات و ساتێکی چارەنووسسازمان لە بەردەم دایە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد: وه‌ک خه‌ڵکی لوبنان چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستی فه‌رمیی سه‌رۆک کۆماری لوبنان و دوژمنی زایۆنی ده‌که‌ین سه‌باره‌ت به‌و دانوستانانه‌.

نەسروڵڵا جەختی لەوەش کردەوە کە: بەشێک لە میدیاکانی ئیسرائیل و عەرەبی پەرە بەو بانگەشەیە دەدەن کە حیزبوڵڵا دەیەوێت ئەم ڕێککەوتنە لەبار بەرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە حیزبوڵڵا هەر لەسەرەتای ئەم دۆسیەیە ڕەفتارێکی دروستی ھەبووە.

ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان وێڕای ستایشی بڕیاری بزوتنەوەی حەماس بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا وتی: ئەمە بڕیارێکی دروست و ئازا و ژیرانەیە. ئەمڕۆ لە فەلەستین، ناوچە و دەڤەری بەرخۆدان، پێویستی بە یەکڕیزی و هەڵوێستێکی دروستە.

نەسروڵڵا بە ئاماژەدان بەوەی کە بڕیاری دامەزراندنەوەی پەیوەندیی بۆ حەماس و حکومەتی سوریا ئاسان نەبووە، وتیشی: بڕیاری راستەقینە بریتییە لە دروستکردنی یەکگرتن لە نێوان وڵاتان و سوپاکان و بزووتنەوەکانی خۆڕاگری.

 

سەرپەیڤ