حەماس: پاڵپشتیکردنی فەلەستین لە مۆندیاڵدا نیشانەی گۆشەگیریی ئیسرائیلە
وتەبێژی بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین «حەماس» وتی؛ پرسی فەلەستین لە مۆندیاڵی قەتەردا گۆشەگیری و تەریک خرانەوەی ڕژێمی زایۆنی نیشان دەدات.
لە مۆندیاڵ قەتەری ٢٠٢٢دا گەلانی عەرەب؛ تەماشاوان و میدیای زایۆنیستییەکانیان بایکۆت کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی دووشەممەی سپۆتنیک؛ «عەبدولەتیف ئەلقانوع» وتەبێژی بزوتنەوەی حەماس لە لێدوانێکدا جەختی لەوە کردەوە کە: زەق بوونی پرسی فەلەستین لە ناخی مۆندیاڵی قەتەردا ئەوە دەردەخات کە پرسی فەلەستین پرسی سەرەکیی ئومەتی ئیسلامییە و لە ناخ و دڵی ملیۆنان ڕۆڵەی ئوممەتی ئیسلامی و خەڵکی بیرئازادی جیهان دا جێگیرە.
«ئەلقانوع» وتیشی: ئەم بابەتە ھەروەھا دەربڕی تەریک خرانەوەی ڕژێمی زایونییە کە خاک و پیرۆزایەتییەکانی ئێمەی زەوت کردووە.
وتەبێژی حەماش لە درێژەدا ستایشی تەماشاوانانی عەرەبی و ئیسلامی و تەواوی بیرئازادانی جیھانی کرد لە بەر پشتیوانی لە پرسی فەلەستین و دژایەتیکردنی ڕژێمی زایۆنی.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە؛ لەم دواییانەدا تەماشاوانانی هەڵبژاردە عەرەبییەکانی ئامادەبووی مۆندیال لەوان مەغریب و تونس، بەردەوام ئاڵای فەلەستینیان دەشەکاندەوەو دروشمی پشتیوانی لە دۆزی فەڵەستینیان ھەڵدەدا.
هەروەها ھێندێک گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوکرانەوە کە وا دەردەخەن تەماشاوانانی عەرەب ئامادە نین لە لایەن میدیای زایۆنییەکانەوە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا بکرێت.