نیسان 28, 2023 21:49 Asia/Tehran
  • ئەمیر عەبدوڵڵاهیان: ڕێککەوتنی نێوان ئێران و عەرەبستان کاریگەریی ئەرێنیی بۆ ناوچەکە و لوبنان هەیە

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ڕێککەوتن لەگەڵ عەرەبستان کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر ئێران و ناوچەکە هەبووە و لوبنانیش سوودمەند دەبێت لە دەرئەنجامە ئەرێنییەکانی.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران، ئێوارەی ڕۆژی هەینی لە کۆتایی سەردانەکەی بۆ لوبنان، لە بینای نوێی باڵوێزخانەی ئێران لە بەیروت، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە گرنگترین تەوەرەکانی وتووێژی دوو قۆڵی و ناوچەیی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لوبنان ، بە ئاماژە بەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ، وتووێژ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی کردووە بە ئەوبەرایەتیی سیاسەتی دراوسێییەتیی خۆی ، وتیشی: لوبنان پێگەیەکی تایبەتی لە ناوچەکەدا هەیەو ئێمە بەردەوام خەریکی ڕاوێژین لەگەڵ کاربەدەستانی لوبنانی و پێگەی لوبنان وەک ھێڵی پێشەوەی بەرخۆدان جێگای سەرنجی بەبڕشتانەی ئێرانە.

«ئەمیر عەبدوڵڵاهیان» هەروەها سەبارەت بە کردەوەکانی ئەم دواییەی ڕژێمی زایۆنی وتی: بڕیارەکانی خۆڕاگری بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەو پاشەکشە پێکردنی  ڕژێمی زایۆنی وەک پلانێکی بەرزەفڕانە،بڕیارێکی کاریگەرە.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: سزاکانی ئەمریکا شکستیان هێناوەو لەم دۆخەدا ئێران نەوت و کارەبا هەناردە دەکات بۆ هەندێک وڵات لەوانە عێراق و عێراقییەکان بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی گاز و کارەبای خۆیان لە وتووێژ لەگەڵ ئەمریکادا وڵاتەکەیان لە سزاکان پەڕاندەوە.

«ئەمیر عەبدوڵڵاهیان» هەروەها باسی لە هەڵبژاردنەکانی لوبنانیش کردو وتی: هەرکەسێک لە نێو جەماوەری لوبنان هەڵبژێردرێت لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پاڵپشتیی لێ دەکرێت و دڵنیاین کە لوبنانییەکان لێهاتوویی پێویستیان هەیە بۆ تەواوکردنی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵاتەکەیان.

وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژەدان بەوەی کە ئێمە ڕێککەوتنی ئێران و عەرەبستان بە قازانجی بەرژەوەندییەکانی دوو وڵات و ناوچەکە دەزانین ، ڕوونیشی کردەوە: ئێمە لە چوارچێوەی دیپلۆماسیدا   پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عەرەبستان بە ئەرێنی هەڵدەسەنگێنین و پێمان وایە داهاتووی ناوچەکە بەرەو هاوکاریی ناوچەیی هەنگاو دەنێت.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان پەیوەندییەکانی نێوان تاران و دیمەشقیشی بە ناوازەو قووڵ و ستراتیژی زانی و وتی: لە ساڵی ٢٠١١ەوە هەوڵی زۆر درا بۆ ڕووخاندنی حکومەی سیاسیی دیمەشق و دابەشکردنی سوریا، بەڵام سەرۆککۆمار و گەل و هێزە چەکدارەکان بەرنگاری تیرۆریستان بوونەوەو سەرکەوتن.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای سیاسی گەییشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەیروت و لەلایەن دەسەڵاتدارانی لوبنانەوە پێشوازیی لێکرا.

سەرپەیڤ