تشرینی یه‌که‌م 19, 2019 15:40 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی ڕووسیا : پرسی کوردانی سووریا هەرتەنیا لەڕێی دانوستانی نێوان کوردو دیمشق

"سێرگئی لاڤرۆف" وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەمیانەی لێدوانێکدا بەئاماژە بە پرسی کوردانی سوریا ڕایگەیاند : پرسی کوردەکانی سووریا هەرتەنیا لەڕێی دانوستانی نێوان کوردەکان و دەمشق"ەوە چارەسەرهەڵگرە

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، "سێرگئی لاڤرۆف" وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە لێدوانێکدا بەئاماژە بە پرسی کوردەکانی سوریا ڕایگەیاند: "پرسی کوردەکانی سوریا دەبێ لەچوارچێوەی پاراستنی یەکپارچەیی خاک و سەروەریی سوریا چارەسەر بکرێ. ئێمە لەبارەی ئەو پرسەوە بڕوامان وایە کە پرسی کورد بەدانوستانی ڕێبەرەکانیان لەگەڵ حکومەتی ڕەوای سوریا لە دەمشق و لەڕێی وتووێژ و دانوستان چارەسەر دەبێ".

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی سپۆتنیک؛ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند: "داکۆکی لەدەسپێکرانی ڕەوتی دانوستانێک دەکەین کە جگە لە، لەبەرچاوگرتنی یەکپارچەیی خاک و سەروەریی سوریا، بتوانێ بەرژەوەندییە ئاسایشییەکانی تورکیاش دابین بکا. بۆیە، ئامادەی هاوکاریی لەبارەی جێ بەجێ کرانی ڕێککەوتننامەی١٩٩٨ی "ئادانا"ین. لەپێناو هاتنەدی ئەو مەبەستەش هەوڵەکانمان چڕدەکەینەوە".

لاڤرۆف لەدرێژەی قسەکانی سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان تورکیاو ئەمریکا لەبارەی هێرشی سەربازیی تورکیا بۆسەر باکوری سوریاش وتی: "ئێمە درک بە نیگەرانییەکانی تورکیا سەبارەت بە سنورەکانی دەکەین و بەهەقی دەزانین. بۆیە هەوڵ دەدەین ڕێککەوتننامەی١٩٩٨ی ئادانا جێ بەجێ بکەین. لەو ڕووەوە، ئامانجمان دروست کردنی پەیوەندیی لەنێوان لایەنەکانی ئەو ڕێککەوتنامەیە بۆ جێ بەجێ کرانیەتی."