کانونی یه‌که‌م 19, 2022 03:26 Asia/Tehran
  • وه‌زیری دادی عێراق: پاڵپشتی لە پێکھاتنی دادگەیەک دەکەین بۆ بە جینۆساید ناساندنی دڕندەکارییەکانی داعش

خالید شوانی وه‌زیری دادی عێراق رایگه‌یاند: پاڵپشتی له‌ پێکهێنانی دادگایه‌کی تایبه‌تمه‌ند ده‌که‌ین بۆ لێپرسینه‌وه‌ و به‌دواداچون بۆ تاوانه‌کانی جینۆساید که‌ چه‌کدارانی داعش دژ به‌ گه‌لی عێراق ئه‌نجامیان داوه‌. 

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی وه‌زاره‌تی داد، دکتۆر«خالید شوانی» وەزیری دادی عێراق له‌ میانی دیدارێکیدا له‌گه‌ڵ «کریستیان رێتشه‌ر» راوێژکاری تایبه‌تی تیمی لێکوڵینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان بۆ به‌ره‌وپێشچون و لێپرسینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌کانی داعش (یونایتد) رایگه‌یاند: چه‌کدارانی داعش تاوانی جینۆسایدیان دژ به‌ ئێزیدیه‌کان له‌ شه‌نگال ئه‌نجامداوه‌ هه‌ر وه‌ک چۆن تاوانیان له‌ سپایکه‌رو دژ به‌ هۆزی ئه‌لبونه‌مر له‌ پارێزگای ئه‌نبار و چه‌ندین تاوانی دیکه‌یان ئه‌نجامدا که‌ ویژدانی مرۆڤایه‌تیان هه‌ژاند، هه‌ر بۆیه‌ به‌ ئیراده‌یه‌کی نیشتمانیی عێراقیه‌وه‌ پشتگیری له‌ پێکهێنانی دادگایه‌کی تایبه‌تمه‌ند ده‌که‌ین بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش.

«خالید شوانی» باسی له‌وه‌ش کرد، وه‌زاره‌تی داد وحکومه‌تی عێراق  هاوکاریی ته‌واوی ئه‌و تیمه‌ تایبه‌ته‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان ده‌کات سه‌باره‌ت به‌ کاره‌کانیان به‌ ئامانجی زیاتر پارێزگاری کردن له‌ مافی مرۆڤ و سزادانی ئه‌ندامانی تیرۆرستی داعش.

لای خۆشیه‌وه‌ «کریستیان رێتشه‌ر» خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕی به‌کارکردن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دادی عێراق وه‌ک هاوبه‌شێکی گرنگ بۆگه‌ییشتن به‌ دادپه‌روه‌ری و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش کرد کە، تیمه‌که‌ی خوازیاری هه‌ماهه‌نگیی زیاتره‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دادی عێراق بۆ ئه‌و کارانه‌ی تایبه‌تن به‌ ڕاهێنانی کارمه‌ندانی تایبه‌تمه‌ند له‌ بواری به‌رنگاربوونه‌وی توندڕه‌وی.

سەرپەیڤ