تشرینی دووه‌م 09, 2015 13:56 Asia/Tehran
  • بارزانی:ئەگەر چارەسەربوونی قەیرانی هەرێم بەندە بە لاچوونی من،ئامادەم دەست لە کار بکێشمەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند:ئەگەر چارەسەربوونی قەیرانی هەرێم بەندە بە لاچوونی من،ئامادەم دەست لە کار بکێشمەوە.

بە گوێرەی راپۆرتی هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران(ئیسنا)لە زمان ماڵپەڕی شەفەق نیوز،"فازڵ رەئوف" سەرکردەیەکی پارتی دیموکڕاتی کوردستانی عێراق کە لە کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ کەسایەتییە بەرچاو و دیارەکانی پارێزگای سلێمانی دا ئامادەبوو وتی: بارزانی بۆ چارەسەربوونی قەیرانەکانی هەرێم گەڵاڵەیەکی لە بەر دەست دایە.
ناوبراو وتی:بارزانی لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنج شەممەی خۆی دا لەگەڵ کەسایەتییە دیار و ناسراوەکانی پارێزگای سلێمانی جەختی کرد تەواوی هەوڵی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە و بۆ ئەو مەبەستەش داوای کرد کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بەڕێوە بچێ.
ناوبراو لە درێژەش دا وتی: بارزانی لەم دیدارەدا وتی:سەرۆکی پاڕلمان بەو جۆرەی کە پێویست بوو ڕەوشەکە کۆنتڕۆڵ و چاودێری نەکردو لە ئەزمونی کەسانی پێش خۆی کەڵکی وەرنەگرت بۆیە رەوتی سیاسەت لە نێو پاڕلمان دا بە لاڕێ دا چوو.
بە قسەی رەئوف،بارزانی وتویەتی : هەندێک لا بە جۆرێک دۆخەکە پێشان دەدەن کە گوایە سەرچاوی تەواوی گیروگرفتەکانی هەرێم منم و ئەگەر لە پۆستەکەم لاچم قەیرانەکان چارەسەر دەبن.
ئەگەر لاچوونی من یارمەتیی باشتربوونی دۆخەکە دەدا و کەسێکی دیکە هەیە کە دەتوانێ باشتر لەمن دۆخەکە رێبەرایەتی و کۆنتڕۆڵ بکات،ئەوا من نەک هەر ئامادەم لە پۆستەکەم لاچم تەنانەت ئامادەم یارمەتیی ئەو کەسەش بدەم.
جێگای ئاماژەیە لەوکاتەوە کە خۆپێشاندەران هەڵیان کوتایە سەر بارەگای پارتی دیموکڕاتی کوردستانی عێراق بە سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی تەنگژە و گرژیەکانی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و حیزبەکەی بارزانی روو لە زیاد بوونە.
پارتی گۆڕان بە رێکخستنی خۆپێشاندانەکان تۆمەتبار دەکاو وەزیرەکانی گۆڕانی لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دوور خستەوە.
شرۆڤەکاران لەو باوەڕە دان ئەو رووداوانە دەرەنجام و پاشهاتی قەیرانی سەرۆکایەتیی هەرێمن.
پارتەکوردییەکان لەپاش تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی هێشتا لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم رێک نەکەوتون.
مەسعود بارزانی سوورە لەسەر ئەوەی کە لە پۆستەکەی دا بمێنێتەوە چونکە بە بڕوای ناوبراو لە بارودۆخی ئێستاو شەڕی داعش دا کەسێکی دیکە لە خۆی شیاوتر بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی بارودۆخەکە نییە.
هەر لەم پەیوەندییە دا ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنی شاندێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جەختی کرد لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانەکانی هەرێم لە رێگای وتووێژی پارتە سیاسییەکانی ئەو هەرێمە.
هەروەها ناوبراو جەختی کرد لەسەر گرنگیی زیادکردنی هەوڵی فڕاکسیۆنە سیاسی و کەسایەتییە نەتەوەییەکان بۆ پاراستنی یەکێتی گەلی عێراق و گرتنەبەری وتووێژ و دانوستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.