400کەس لە عێراق لە لیستی دەسگیرکردنی گومانلێکراوانی گەندەڵیدان
ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی دژە گەندەڵی لە عێراق ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، 400 کەیسی گەندەڵی یەکلانەکراونەتەوە و فەرمانی دەسگیرکردنی گەندەڵکاران بە نهێنی بەڕێوەدەچێت.
سەعید یاسین موسا، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی دژە گەندەڵی ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند،"دەستگیرکردنی تۆمەتباران لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی یاسا و بە فەرمانی دادگا بوە، و ناکرێت تانەی لێبدرێت.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەعید موسا رایگەیاند،"لە ئەنجومەنی پێشوی دژە گەندەڵی بەپێی بەشەکان فایل هەیە، یەکەمیان 1000 فەرمانبەری لەخۆگرتبوو کە بە پشتیوانی حکومەت دورخرانەوە، لە بەشی دوەمدا 140 فەرمانبەری دیکە لە وەزارەتە جیاوازەکان زیادکرا، بەوەش بوە 1200 کەس، کە 800 لەوانە لەنێوان داواکاری گشتی و دەستەی نەزاهە و دادوەری ساغکرانەوە، ئێستا 400 فایل ماوە، بڕیاربوو لە کۆتایی ساڵی 2019 و سەرەتای ساڵی 2020 دا جوڵەی دادوەریی بۆ ئەنجامبدرێت بەڵام تێکدران."
وتیشی:"هەڵمەتی دەستگیرکردنە نوێیەکان دوای پێکهێنانی لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە لە کەیسە گەورەکانی گەندەڵییە، کە بەم دواییانە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بە وتەی لایەنی جێبەجێکار، فەرمانی دەستگیرکردنەکان لەلایەن سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆر عەبدولوەهاب ئەلسەدی جێبەجێدەکرێن، و سەرۆک وەزیرانیش"جەختی کردوەتەوە کە هەڵمەتی دەستگیرکردنی بەرپرسانی گەندەڵ و تێوەگلاوان، نهێنییە و بە پلانێکی رانەگەیەندراوە."
ماوەی چەند رۆژێکە بە فەرمانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵمەتی نهێنی دەسگیرکردنی تێوەگلاوان و گومانلێکراوانی گەندەڵی دەستیپێکردوە و تاکوو ئێستاش چەندین کەس دەسگیرکراون.