لە عێراق ،هەرکەسێک "هەواڵی ناڕاست" بڵاوبکاتەوە 10 ساڵ زیندانی دەکرێت
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەمیانەی دەستپێکردنی هەڵمەتێکدا بۆ بڵاوکردنەوەی دەنگۆکان هۆشداریی دایە هاوڵاتیان و رایگەیاند: ئەو کەسانەی هەواڵی ناڕاست بڵاودەکەنەوە بۆ ماوەی 10 ساڵ زیندانی دەکرێن.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بەشی بەرەنگاربونەوەی دەنگۆکان لە وەزارەتی ناوخۆ هەڵمەتێکی هۆشیاری لە چوارچێوەی ناوچەی (سەبع ئەبکار)ی باکوری بەغدا ئەنجامدا، لەو ماوەیەدا لەگەڵ ژمارەیەک هاوڵاتی تیمی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە کۆبوونەوە و رونکردنەوەیان خستەڕو، بەوەی کە دەنگۆ چییە و هۆکارەکانی و ئەگەری ڕێگاکانی سنوردارکردنی بڵاوبونەوەی لە کۆمەڵگەدا چین.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە، هەرکەسێک لە کاتی قەیراندا هەواڵی ناڕاست بڵاوبکاتەوە، سزای 10 ساڵ زیندانی کردنی بەسەردا دەسەپێندرێت.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق باسی لەوەش کردووە، ئەو هەواڵ و زانیارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەبنەوە زۆرجار سەرچاوەکەیان نادیارە، ئینجا داوای پشکنینی سەرچاوە فەرمییەکان و باوەڕپێکراوەکانی لەهاوڵاتیان کردووە و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە بڕوا بە بەدەنگۆکان نەکەن.