ئاب 30, 2022 07:26 Asia/Tehran
  • سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە پەیامێکدا داوای ھێور بوونەوەی ڕەوشتی ئێستای عێراقی کردووە

سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە کورتە پەیامێکدا کە بە ناوی «مەسعود بارزانی» سەرۆکی پارتەکە بڵاو کراوەتەوە ،داوای ھێور بوونەوەی ڕەوشتی ئێستای عێراق و دان بەخۆداگرتنی لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتەی کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی کەناڵی ڕووداو، «مەسعود بارزانی» سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە چەند ڕستەیەکی کورت دا نیگەرانیی خۆی لە ڕەوشتی ئێستای عێراق دەربڕیوە.

لە پەیامەکەی «مەسعود بارزانی» کە تەنیا لە میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ڕەنگدانەوەی ھەبووە،ھیوای ئەوە خوازراوە کە هەموو لایەک هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و دان بەخۆیاندا بگرن و بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانیان چەک و توندوتیژی بەکار نەهێنن. 

لە پەیامەکەی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا باسی ئەوەش کراوە کە، هیوادارم لایەنەکان بیر لەو چارەسەرانە بکەنەوە کە خێر و بەرژەوەندیی گەل و وڵاتی تێدا بێت.

پەیامەکەی سەرۆکایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە بارەی ڕەوشتی ئاڵۆزی ئێستای ئەم وڵاتەوە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە شەوی ڕابردوو ھێندێک لە سەرچاوە خۆجێییەکان، دەنگۆی جەڵتەلێدانی «مەسعود بارزانی» سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و ڕەوانەکرانی بۆ ھەندەرانیان بڵاو کرد بووەوە.

سەرپەیڤ